ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەی ڕۆژنامەڤانی سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی دانوستانەکانی ڤیەنا و شێوەی جێبەجێ کردنی بەڵێنەکانی ئێران وتی: بەتەواوەتی دەتوانین بڵێین کە هێشتا لەسەر ڕێگای دانوستانەکانین ورێگا بدەن تا لەسەر وردەکارییەکان کە هێشتا ڕوویان نەداوە، نەدوێین .
ناوبراو جەختی کردەوە: تا ئێستا ئەمریکا وەڵامێکی بە پێشنیارەکانی لایەنی ئەورووپی نەداوەتەوە.
کەنعانی بە وتنی ئەوەی کە تا ئێستا پێشکەوتنی باشمان هەبووە، ڕایگەیاند: دانوستان کۆمەڵێک بابەتە و ئەبێ لەسەری ڕێککەوتن بکرێت. تا کاتێک کە لەسەر هەموو بابەتەکان ڕێککەوتن نەکرێت ناتوانین بڵێین کە ڕێککەوتنمان کردووە.
ناوبراو وتی: پێم وایە ئەمریکا بەرپرسی ئێستای دۆخی ڕێککەوتنی ناڤۆکی و ڕێکنکەوتن تا ئێستایە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە بە جەختکردن لەسەر ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕوانی لایەنی بەرانبەر نابێت، ڕایگەیاند: چەندین جار لەلایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگەیێندراوە کە ئێمە ڕەوتی بژێوی ژیان و ئابووری وڵاتمان گرێ نەداوە بە ڕەوتی دانوستانەکانەوە و هەر جۆرە هەوڵ و تێکۆشانێکی لایەنی ئەمریکی، لۆبییەکانی ئیسرائیل و بێ کردەوەییەکانی ئەورووپا، نابێتە هۆی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی دەست لە داواکاییەکانی خۆی هەڵبگرێت.
کەنعانی سەبارەت بە گۆڕینەوەی زیندانییەکان لە نێوان ئێران و ئەمریکا جەختی کردەوە:با لە پرسی زیندانییەکان لە چوارچێوەیەکی مرۆڤانەوە بڕوانین و چارەنووسی ئەوان گرێ نەدەینە دانوستانەکانی ڤیەناوە و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش لەگەڵ ئەمریکا باسمان کردووە و هیوادارین بە شێوەی ئەرێنی بچێتە پێشەوە.
کەنعانی لە درێژەی کۆنگرەکەدا سەبارەت بە دانوستانەکانی ئیران و عەرەبستانیش وتی: پرسی هاوبەش و جۆراوجۆرمان لەگەڵ عەرەبستان لە بواری دوولایەنە و ناوچەیی هەیە و گفتوگۆکان بۆ دەسپێکردنەوەی پێوەندی فەرمی دوو وڵاتەکە بەرژەوەندی هەر دوولا دابین دەکات.
ناوبراو وتیشی هەرچەندە جیاوازی ڕاو بۆچوون لە هەندێک بابەت دا هەیە بەڵام ڕەوتی گفتوگۆکان ئەرێنییە و لایەنی بەرامبەریش هەنگاوی باشی هەڵیناوە.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە پێوەندی سووریا و تورکیا جەختی کرد: حکومەتی تورکیا باشتر وایە ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی سووریا ڕاست بکاتەوە و بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسایش بۆ سووریا ڕۆڵ بگێڕێت.
342/